ئەردۆگان داوا لە خەڵکی تورکیا دەکات بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان
کەمێک لەمەوبەر (یەکشەممە 16/4/2017)، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای بەشداریکردنی لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمی دەستووری تورکیا، بە میدیاکانی راگەیاند: ”ئەمڕۆ لە مێژووی ئێمەدا ڕۆژێکی گرنگە، ئەزموونێکی زۆرمان بە سیستەمی پەرلەمانی دیوە، چەندینجار خەڵکی دەنگی داوە، بەڵام دەنگدانی ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی نوێ و گرنگ دەبێت، ئەگەر سەر بکەوێت“. هیواشی خواست: ”بە شێوەیەکی خێرا خەڵکی بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. خەڵکی تورکیا زوو دێنە سەر سندوقەکان. ئێمە دەمانەوێت ئەو گۆڕانکارییانە بچەسپێنین کە لە پێناو باشترکردنی وڵاتەکەمانە، کاری زۆرمان لەپێشە و ئەرکی زۆرمان لەسەر شانە. ئەمشەو کاتێک تورکیا سندوقەکان دەکاتەوە، ئەو چاوەڕوانییانەی خەڵکی تورکیا بە ئەنجام دەگات و بە فیڕۆ ناچێت“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە پارێزگای ئیزمیر و مەولوود چاویشئۆغلو، لە شاری ئالانیای سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیا دەنگی داوە. هاوکات عوسمان بایدەمیر و 4 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە لە شاری ئەنقەرە دەنگیان دا.
ڕیفراندۆمی دەستووری تورکیا بەو ئاراستەیە کە چەند ماددەیەکی دەستووری ئەو وڵاتە، بەتایبەتیش ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە سیستەمی سەرۆکایەتیی تورکیاوە هەیە، هەموار بکرێتەوە.
پێشتر هەریەک لە (ئاکەپە) و مەهەپە) پشتیوانیی خۆیان بۆ دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆمی دەستووری تورکیا دەربڕیوە، پارتەکانی (هەدەپە و جەهەپە)ش داوا لە لایەنگرانیان دەکەن بە (نەخێر) بەشداری لە ڕیفراندۆمدا بکەن.
باسنیوز
