رووسیا کەشتییەکی جەنگی دەنێرێتە ئاوەکانی سووریا

 رووسیا کەشتییەکی جەنگی دەنێرێتە ئاوەکانی سووریا
دوای بۆردومانکردنی سەربازگەیەکی رژێمی سووریا، رووسیا کەشتییەکی جەنگی دەنێرێتە ئاوەکانی سووریا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سپۆرتنیک)ی رووسی، کەشتیی جەنگیی (گریگۆرۆفیچ) لە دەریای رەوەشەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست بەڕێ کەوتووە و لە ئاوەکانی سووریا لەنگەر دەگرێت.

ناردنی ئەو کەشتییە جەنگییەی رووسیا دوای رۆژێک دێت لە بۆردومانکردنی سەربازگەی شەعیرات‌ی رژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن سوپای ئەمریکاوە.

ئەو کەشتییە جەنگییە پێشتر لە بەندەرەکانی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست جێگیر کرابوو، کە لەوێوە مووشەکی کالیبەر‌ی ئاراستەیبنکە و بارەگاکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکرد.

رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.

رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخون‌ی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.







باسنيوز
Top