جێگری ترەمپ: کاری لەپێشینەی ئەمریکا لە عێراق لەناوبردنی داعشە

 جێگری ترەمپ: کاری لەپێشینەی ئەمریکا لە عێراق لەناوبردنی داعشە
جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی کاری لەپێشینە (ئەولەوییە)ی ئەمریکا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.



رۆژی شەممە 8.4.2017، نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە عەبادییەوە کردووە.



لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، حەیدەر عەبادی و مایک پێنس تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش‌یان کردووە و پێنس جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی کردووەتەوە و رایگەیاندووە، کاری لەپێشینەی ئەمریکا لەناوبردنی داعشە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.



رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.








باسنيوز
Top