وێنەی گومانلێکراوی تەقینەوەکەی سان پێترسبێرگ بڵاوکرایەوە

وێنەی گومانلێکراوی تەقینەوەکەی سان پێترسبێرگ بڵاوکرایەوە
میدیاکانی رووسیا وێنەی گومانلێکراوی تەقینەوەکەی سان پێترسبێرگ-یان بڵاوکردەوە و دەڵێن "گومان دەکرێت ئەو کەسە ئەنجامدەری تەقینەوەکە بێت"، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەیان لەبارەی وێنەکە بڵاونەکردووەتەوە.

میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە، کامێراکانی چاودێری میترۆ سان پێترسبێرگ، وێنەی چرکەساتی تەقینەوەکەیان گرتووە و وێنەی ئەو کەسەشیان گرتووە، کە گومان دەکرێت ئەنجامدەری تەقینەوەکە بێت، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی ناسنامەکەی بخەنەڕوو.

تاوەکو ئێستاش بە فەرمی دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی وێنەکە و ئەنجامدەری تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.

ئاژانسی ئینتەرفاکسی رووسی لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان گومانلێکراوەکە بۆمبێکی چێندراوی لەنێو جانتاکەی لە یەکێک لە فارگۆنەکانی شەمەندەفەرەکە داناوە و دواتر تەقیەوەتەوە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.

ئەندرییە برجیزدۆمسکی، گوتەبێژی لیژنەی نیشتمانی رووسی دژە تیرۆر راگەیاند، پرۆسەی چۆڵکردنی میترۆی سان پێترسبێرگ کۆتایی هاتووە.

رۆژی دووشەممە 3-4-2017، لە ئەنجامی روودانی تەقینەوەیەک لە شاری سان پێترسبێرگی رووسیا 10 کەس کوژران و 47 کەسی دیکەش برینداربوون.

rudaw -
Top