زێدان چاوی بڕیوه‌ته گواستنه‌وه‌ی یاریزانێكی پێشووی بارسێلۆنا
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، ریال مه‌درید هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانێكی پێشووی بارسێلۆنا چڕ كردۆته‌وه، یانه‌ی بارساش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه له‌سه‌رهێڵه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 1 نیسانی 2017، پێگه‌ی fichajesـی ئیسپانی ئاشكرای كردووه كه فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید له‌سه‌ر راسپارده‌ی زێدانی راهێنه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی تیاگۆ ئه‌لكانتارای ناوه‌ڕاستكاری بایرن میونشن ده‌ستپێكردووه.
هه‌مان سه‌رچاوه، جه‌ختی له‌وه‌ش كردۆته‌وه، كه به‌رپرسانی یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌یانه‌وێت له هاوینی داهاتوو ئه‌م یاریزانه بۆ بارسێلۆنا بگه‌ڕێننه‌وه.
به‌گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، كارگێرانی یانه‌ی بایرن میونشن بڕی 90 ملیۆن یۆرۆیان له گرێبه‌ستی ئه‌لكانتارا وه‌ك مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی جێگیر كردووه.
تیاگۆ ئه‌لكانتارای 25 ساڵ، سه‌ره‌تا له تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی فلامینگۆی به‌رازیلی ده‌ستی به‌یاریكردن كرد، دواتر له هاوینی 2005 په‌یوه‌ندی به ئه‌كادیمیای لاماسیای بارسێلۆناوه كرد، دواتر له 2013 ڕوویكرده یانه‌ی بایرن میونشن ئه‌ڵمانی.
k24 -
