28ـەمین لووتکەی عەرەبی لە ئوردن دەبەسترێت
لووتکەی عەرەبی لە ئوردن بۆ ساڵی 2017 لە ناوچەی دەریای مردوو ئەنجامدەدرێت و، ئوردن رایگەیاندووە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک رەتینەکردووەتەوە بەشداری لە لووتکەکەدا بکات، لووتکەی عەرەبی 2017 بە بەشداریی هەموو شا و سەرۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی دەبەسترێت.
ئەو بابەتە گەرمانەی لەو لووتکەیەدا تاوتوێدەکرێن پەیوەستن بە چەند کەیسێکی هاوبەشی نێوان وڵاتانی عەرەبی، هەرێمی و دژایەتیکردنی تیرۆر. بێگومان لە سەرووی هەموو ئەو بابەتانەشەوە رەوشی: عێراق، سووریا، یەمەن، لیبیا و فەڵەستین تاوتوێ دەکرێن و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو وڵاتانە دەدرێت، کە خۆی لە شەڕی ناوخۆ، شەڕی تیرۆر و برسییەتی دەبینێتەوە.
محەممەد مەومەنی، وەزیری راگەیاندن و گوتەبێژی حکومەتی ئوردن رۆژی چوارشەممەی رابردوو 22-3-2017 لەکاتی کردنەوەی سەنتەری راگەیاندنی لووتکەکە رایگەیاند، لەو لووتکەیەدا کار دەکرێت لەسەر چارەسەرکردنی رەوشی سووریا. دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆسیەی فەڵەستین کە بەیەکێک لە کەیسە سەرەکییەکانی لووتکەکە دادەنرێت، بەهەمان شێوە دۆسیەی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ دەکرێت.
بەپێی پەیماننامەی کۆمکاری عەرەبی؛ ساڵانە بەپێی پیتی ئەبجەدی وڵاتانی ئەندام پێشوازی لە بەستنی لووتکەی عەرەبی دەکەن، بەڵام 24-10-2016 ئوردن رایگەیاند "یەمەن داوای لێبوردنی کردووە، بەهۆی ئەوەی ناتوانێت پێشوازی لە بەستنی ئەو لووتکەیە بکات، لەبەرئەوە لووتکەی عەرەبی 2017 لە ئوردن دەبەسترێت".
دوایین لووتکەی عەرەبی لە مۆریتانیا بەسترا، لە کۆی حەوت وڵاتی عەرەبی، سەرۆک و سەرکردەی حەوت وڵاتیان بەشدار بوون کە پێکهاتبوون لە ئەمیری قەتەر و کوێت، سەرۆکەکانی یەمەن، سودان، دوورگەکانی قەمەر و جیبۆتی لەگەڵ سەرۆکی مۆریتانیا.
یەکەم کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 1946 لەسەر داوای مەلیک فارووق، مەلیکی ئەوکاتەی میسر لە کۆشکی ئەنشاس لە وڵاتی میسر بە بەشداریی حەوت وڵاتی دامەزرێنەری کۆمکارەکە بەڕێوەچوو، کە بریتی بوون لە: عێراق، میسر، سعودیە، ئوردن، سووریا، لوبنان و یەمەن.
لەوەتەی دامەرزاوە تاوەکو ساڵی 2016، کۆمکاری عەرەبی 39 کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجامداوە، کە 27ـیان ئاسایی و 9ـیان نائاسایی و 3 لووتکەش ئابووری بوون.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو بەمەبەستی رووماڵکردنی لووتکەکە لە هەولێرەوە چووەتە عەممانی پایتەختی ئوردن و، هەموو هەواڵەکانی تایبەت بەو لووتکەیە و دوایین زانیارییەکان بۆ: بینەر، بیسەر و خوێنەری رووداو دەگوازینەوە.
رووداو
