سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای سنە

 سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای سنە
سەرۆککۆماری ئێران بەیانی ئەمڕۆ شەممە 25-3-2017 بۆ کردنەوەی چەندین پرۆژەی وەبەرهێنان و پیشەسازی ، گەیشتە شاری سنەی ناوەندی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەسەردانە یەک رۆژەکەیدا بۆ پاریزگای سنە ، سێ وەزیری کابینەکەی لەگەڵ خۆی هێناوە کە بریتین لە وەزیرانی نەوت ، کشتوکاڵ و کار.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران، سەرۆککۆماری ئێران لەو سەردانەیدا چەندین پرۆژە بەبەهای 2 هەزار و 750 ملیار تمەنی ئێرانی دەکاتەوە ، کە هەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ بۆ 6 هەزار کەس دابین دەکات. پرۆژەکان بریتین لە کارگەی پێترۆکیمیایی کوردستان ، کارگەی تایەی بارزی کوردستان ، کردنەوەی دوو بەنداوی چرا وەیسی سەقز و زیویەی کامیاران ، بەرهەمهێنانی کۆنستانترەی ئاسنی سەبانوور ، کیمیا کانزاکانی سپاهان و کیمیا کاشتی ئەتیببا.

هەروەها چەند پرۆژەیەکی رێگاوبانی ئەو پارێزگایەش دەکرێنەوە کە بریتین لە دەستپێکردنی چاککردنی باندی دووەمی رێگەی سەڵوات ئاوا و رێگەی کامیاران - سەوڵاوا ، کردنەوەی 18.5 کیلۆمەتر لە رێگای باکوور و باشووری ئێران لە رێگەی سنە- کامیاران ، کردنەوەی 30 کیلۆمەتر رێگای گوندەکان ، تەواوکردنی هەزار و 170 یەکەی نیشتەجێبوونی مەسکەنی میهر ، گەیاندنی ئاو لە بەنداوی چراوەیس بۆ شاری سەقز، کۆتاییهاتنی پرۆژەی بەنداوی قوچمی دێولان و کردنەوەی ئاو پاککەرەوەی سرێش ئاوا.

ئەمە دووەمین سەردانی حەسەن رووحانییە وەک سەرۆککۆماری ئێران بۆ پاریزگای سنە و پێشتر لە دەستپێکی بوونی بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە ، سەردانی پارێزگای سنەی کردبوو.





رودااو
Top