لەهێرشەکەی لەندەن حەوت کەس دەستگیرکراون
ماک رۆلی، سەرۆکی پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا زانیاری نوێی لەسەر هێرشەکەی سەر پەرلەمانی بەریتانیا خستەڕوو.
پۆلیس رایگەیاند، تەنها یەک کەس ئەنجامدەری هێرشەکە بووە و ئەو کەسەش لەژێر کاریگەریی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییەوە هێرشەکەی ئەنجامداوە.
سەبارەت بە قوربانیانی هێرشەکەش پۆلیس رایگەیاند "تەنها چوار کەس و لە ناویشیاندا هێرشبەرەکە، کوژراون".
پێشتر راگەیەندرابوو کە پێنج کەس کوژراوون، بەڵام زانیاریی نوێی پۆلیس کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی 29 کەسە، لەناو بریندارەکاندا هاووڵاتیی وڵاتانی دیکەش هەن.
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان پۆلیسی لەندەن رایگەیاند "لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن و لە پێناو زیاننەگەیاندن بە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان، لەم قۆناخەدا هیچ زانیارییەک لەسەر هێرشبەرەکە و قوربانیان نادرکێنن".
هەر پەیوەست بە رووداوەکەوە، پۆلیس رایگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنی جیاجیادا لە لەندەن و بێرمینگهام، شەش شوێن پشکندراون و حەوت کەس بە تۆمەتی دەستهەبوون لە هێرشەکە دەستگیر کراون".
رۆژی چوارشەممە 22-3-2017، هێرشکارێک لە وێست مینستەر لە لەندەن، بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشا بەنێو خەڵکدا و دواتر بە چەقۆ هێرشی کردە سەر پۆلیس، بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە "تەقە لە هێرشبەرەکە کراوە و پاشان کوژراوە". دواتریش هێزەئەمنییەکان لەنزیک پەرلەمان بڵاوەیان پێکرا.
رووداو
