ژمارەی چەکدارانی داعش ئاشکرا دەکرێت
جۆن دۆریان، گوتەبێژی هاوپەیمانان رۆژی چوارشەممە 15.3.2017 رایگەیاند، رۆژ بە رۆژ ژمارەی چەکدارانی داعش لە مووسڵ کەم دەبێتەوە، بەهۆی هەڵاتنیان لە بەرەکانی شەڕەوە بۆ سووریا یاخود کوژرانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ.
جۆن دۆریان هەروەها رایگەیاند، کە گومان دەکەن نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە مووسڵ مابن و لە شاری رەققەی باکووری سووریاش لە نێوان سێ بۆ چوار هەزار چەکدار دەبن.
گوتەبێژی هاوپەیمانان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە زۆرینەی چەکدارە بیانییەکانی داعش لە شەڕەکاندا توانای خۆڕاگرییان نییە و خۆیان رادەست دەکەن، بەڵام هەر لە گۆڕەپانی شەڕدا دەکوژرێن، ”ئێمە وای دەبینین“.
دوای داگیرکردنی بەشێکی خاکی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا، داعش شاری رەققەی لە باکووری سووریا وەک پایتەختی خەلافەتەکەی دەستنیشان کرد.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
