ترەمپ وەک سەرۆک پێشوازی لە وەزیری بەرگریی سعودیە کرد

 ترەمپ وەک سەرۆک پێشوازی لە وەزیری بەرگریی سعودیە کرد
لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ یەکەمین سەرکردەی موسڵمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەوە. محەممەد بن سەلمان، لەگەڵ ئەوەی پۆستەکەی وەزیرە، بەڵام هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتان لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکرا و لەگەڵ سەرۆک و ئیدارەی ترەمپ کۆبووەوە.

محەممەد بن سەلمان، کە کوڕی پاشای سعودیە و جێنشینی دووەمە، بەمەبەستی تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا لە بەرامبەر سعودیە و کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەردانی واشنتنی کرد.



بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، محەمەد بن سەلمان، دووەم جێنشینی شا سەلمانی باوکی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی رازیبووە و "تواندراوە پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و واشنتن بخرێنەوە سەر سکەی خۆیان".

هەر یەک لە ترەمپ و ئیدارەکەی ئامادەنین هیچ لێدوانێک لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی سعودیە ئاشکرابکەن، ترەمپ لە وەڵامی رۆژنامەڤاندا تەنیا گوتی "خەڵکێکی زۆر باشن".



هەڵوێست و بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ لەبارەی ئێران و چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و کێشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاماژەی دڵخۆشکەر بوون بۆ بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعودیە، بەڵام نزیکەی دوو مانگە ترەمپ لە کۆشکی سپییە و هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی نەهاویشتووە. بەگوێرەی سەرچاوەکیش لە شاندەکەی سعودیە، محەممەد بن سەلمان بەڕوونی ئەوەی بە ترەمپ راگەیاندووە و ئەویش لە وەڵامدا پێیگوتووە، بەڵێنەکانی خۆی دەباتەسەر و هەموو شتێک بەدڵی سعودیە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەبێت لەناوچەکەدا.

ماوەی زیاتر لە 80 ساڵە بنەماڵەی شانشینی سعودیە و ئەمریکا رێککەوتنی ستراتیژییان هەیە، کە رێککەوتنەکە لە هەموو ئیدارەکانی ئەمریکادا رێزلێگیراو بووە و کاری پێکراوە، ئەویش لەبواری نەوت و ئاسایشە. بەڵام پەیوەندی نێوان بنەماڵەی شانشینی دەسەڵاتداری سعودیە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەر زوو گرژی تێکەوت، ئەوەش بەهۆی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپەوە لەبارەی رۆڵی سعودیە لە ناوچەکە و پرسی سووریادا.

پەیوەندی نێوان سعودیە و ئەمریکا:

- لە 1933 دەستیپێکردووە
- لە 55%ی چەکی سعودیە لەلایەن ئەمریکاوە دابیندەکرێت.
- ئەمریکا سەرپەرشتی پیشەسازی نەوتی سعودیە دەکات.
- سعودیە بەهێزترین هاوپەیمانی عەرەبی ئەمریکایە.





رووداو
Top