عێراق شاندێکی فەرمی دەنێرێتە سعودیە
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کە رۆژی شەممە 11.3.2017 بڵاو کراوەتەوە، شاندەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی نزار خەیروڵڵا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەبێت.
بڕیارە شاندەکە رۆژی یەکشەممە 12.3.2017 لە بەغداوە بچێتە ریاز و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە کۆ ببێتەوە.
سەردانەکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، کە بەهۆی ئێرانەوە ئاڵۆز بوون و کێشەیان تێکەوتووە.
بەرپرسانی سعودیە (سەنتەری موسڵمانانی سوننەمەزهەب) بەدەوام باس لەوە دەکەن، کە ئێران (سەنتەری موسڵمانانی شیعەمەزهەب) دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە و لە وڵاتانی عەرەبی دوور خستووەتەوە.
باسنيوز
