گەرمیان.. لە بەرامبەر هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان پارە وەردەگرێت

 گەرمیان.. لە بەرامبەر هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان پارە وەردەگرێت
بەڕێوەبەری شارەدێی مەیدان ڕای دەگەیەنێت، پردێك لە نزیك پردی مەیدان دروست كراوە، كە لە بەرامبەر هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان بڕێك پارە وەردەگرێت.

جەمال ساڵەح، بەڕێوەبەری شارەدێی مەیدانی سەر بە قەزای كەلار ڕایگەیاند: "پردە ئاسنەكەی مەیدان بەهۆی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی سنوورەكەوە لە لێواری ڕووخان دایە، ئێمەش دوای ئەوەی گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە كرد بڕیار بە داخستنی ڕێگای هاتوچۆ لەسەر پردەكە درا، هەروەها ئێمەش روونكردنەوەیەكمان لەسەر ئەو بابەتە بڵاو كردەوە و ڕێگاكەمان داخست."

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "بەشێك لە خاوەن كارگەكانی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان پردێكی كاتیان لە نزیكی پردە ئاسنەكەی مەیدان دروست كردووە، ئیستاش بەشێك لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان بەسەر ئەو پردەدا هاتوچۆ دەكەن، هەروەها لە بەرامبەردا 10 هەزار دینار لە شۆفێرەكان وەردەگیرێت، لە كاتێكدا ئێمە دوو ڕێگامان دەستنیشان كردووە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان هاتوچۆی پێدا بكەن، ئەوانیش بریتین لە ڕێگای (ژالان) بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەڕۆن بۆ سلێمانی، ڕێگای (ساڵەح ئاغا) بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەڕۆن بۆ گەرمیان و كەلار".

بەڕێوەبەری شارەدێی مەیدان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە حكوومەت بەرپرس نییە لە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی لە شۆفێری بارهەڵگرەكان وەردەگیرێت، چونكە پێشتر لەگەڵ نوێنەری شۆفێرە بارهەڵگرەكان كۆبوونەوە كراوە و بابەتەكەمان تێگەیاندوون.






باسنیوز
Top