شۆڤێنییەکانی تورکیا بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە هێرش دەکەنە سەر ئەردۆگان
رۆژنامەی (سۆزجو) لە ژمارەی رۆژی سێشەممە 28.2.2017دا ژمارەیەک وتار و راپۆرتی لەبارەی بەرزکردنەوەی ئالای کوردستان لە ئەنقەرە و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (ئەتاتورک) لە شاری ئیستەنبۆڵ بڵاو کردووەتەوە.
نووسەر و ئامادەکارانی وتار و راپۆرتەکانی رۆژنامەکە پێیانوایە پێشوازیکردنی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئامەد لە کوردستانی باکوور، بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە.
ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانە کە نەتەوە پەرستی تورکن و بەردەوام دژی مافەکانی گەلی کوردستان دەنووسن، داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکەن ڕوونکردنەوە بدات.
هەروەها رۆژی سێشەممە 28.2.2017 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا لە کۆنگرەی هەفتانەی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانی لە تورکیا “بە سووکایەتیکردن بە تورکیا“ لەقەڵەم دا و دانی بەوەدا نا کە حزبەکەی نایەوێ هەرگیز ئاڵای کوردستان ببینێت.
لە وەڵامی ئەو لێدوانەی دەوڵەت باخچەلیدا، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان ئیدارەیەکی سەربەخۆی هەیە، ئاڵا، سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی خۆی هەیە و ”دەستووری عێراق دانی پێدا ناوە“ و هەموو وڵاتانی جیهانیش بەو شێوەیە دەیناسێنن”.
بیناڵی یڵدرم هەروەها رایگەیاند، کە لە پێشوازیکردن لە مەسعود بارزانی، رەچاوی ”پەیوەندییە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان“یان کردووە، بۆیە ئاڵای کوردستانیان بەرز کردووەتەوە.
رۆژی 26.2.2017 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەردانی تورکیای کرد و لە کاتی سەردانەکەیدا، حکوومەتی تورکیا ئاڵای کوردستانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (ئەتاتورک) لە ئیستەنبوڵ دانا و دواتر لە دیدارە فەرمییەکاندا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئاڵاکە بەرز کرایەوە.
باسنيوز
