روسیا نەیتوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بخاتە ژێر دەستی خۆی
عەللوش ئاماژەی بەوە دا کاتێک روسیا شکستی ھێنا لەوەی ئۆپۆزسیۆن بخاتە ژێر دەستی خۆی، چاوپۆشی لە پێشێلکارییەكانی رژێمی بەشار ئەسەد کرد.
عەللوش كە بەشداری لە خولی چوارەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤ لەبارەی سووریا دەكات، لەبارەی دۆخی سوریا رایگەیاند كە لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا کە بەسەرپەرشتی تورکیا و روسیا لە ٢٣ و ٢٤ی مانگی رابردوو بەڕێوە چوو، ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەڵگەنامەی پرۆفێشناڵی لەبارەی رژێمی ئەسەدەوە پێشکەش کردووە.
عەللوش گوتیشی "کاتێک ئەو بەڵگەنامانەمان پێشکەش کرد، پێویست بوو قسەی لەسەر بکرێت، نەوەک بە بەڵگەنامەیەکی دیکە وەڵام بدرێتەوە. روسیا بەڵگەنامەکانی بە فراوان وەسف کرد. گوتمان بە درێژایی دوو رۆژ لە ئەنقەرە بە تێروتەسەلی تاوتوێی بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستە وەڵاممان نەدراوەتەوە. ویستمان لە دوا دانیشتنی کۆبوونەوەکانی دووەمی ئاستانا بەشدار نەبین. لە بەرامبەردا رووسیا بەڵێنی دا کەوا بۆردومانەکان بوەستێ. جێگری وەزیری دەرەوەی کازاخستان شایەتحاڵی ئەم بەڵێنەیە، بەڵام روسیا بەڵێنەکانی نەھێنایەجێ".
عەللوش روونیشی کردەوە کە میکانیزمی چاودێریکردنی ئاگربەستەکەیان پێشکەش بە شاندی روسیا لە ئاستانا کرد، بەڵام بە پاساوی ئەوەی پێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتییە، داواکارییەکەیان رەت کراوەتەوە، گوتیشی "ئێمەش پرسیمان بۆچی پێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتییە، بەڵام وەڵاممان وەرنەگرت. گوتیان 'رژێم ماددەکانی رەت کردووەتەوە'. ئێمەش گوتمان 'کامیانی قبووڵ کردووە، با لەوێوە دەست پێ بکەین'. کەچی وەڵامی ئەمەشمان وەرنەگرت. ئێمە لە ئاستانا بەڵگەنامەکانمان پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندی وڵاتی دیکە کرد".
باسنيوز
