تورکیا: ئێران تەنانەت پەنابەرانیش دەنرێتە بەرەکانی شەڕی سووریا

 تورکیا: ئێران تەنانەت پەنابەرانیش دەنرێتە بەرەکانی شەڕی سووریا
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنشنەوە، پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی فەرمیی ئەنقەرە و تاران گرژی و ئاڵۆزییان تێ کەتووە.

بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیا و ئێران، ئەم گرژی و ئاڵۆزیی و لێدوانە توندانە پاش قسەکانی "مەلوود چاوش ئۆغڵوو" وەزیری دەرەوەی تورکیا هات کە لە کۆنفرانسی (میۆنشن) حکوومەتی ئێرانی بە "سەرچاوەی دووبەرەکێ و ئاژاوە و توندوتیژی"ی ناوچەکە لەقەڵم دا.

چاووش ئۆغلوو ئاماژەوەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی ئێران لە ناوچە لە ڕاستای لاوازکردنی سعوودیە و بەحرێنە.

لە بەرانبەردا ئەم قسانە کاردانەوەی توندی ئێرانی لێ کەوتەوە وبەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی "تورکیا سەودای خاوی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆریی عوسمانیی لەسەر دایە." و بە دەستێوەردانی نایاسایی، ناڕەوا و پاڵپشتی لە "گرووپە تیرۆریستییەکان" بووەتە هۆی خوێڕشتن و زۆربوونی توندوتیژی و ناسەقامگیریی ناوچەکە".

ئەم قسانە و کاردانەوە توندەی ئێران بۆ جارێکی دیکە هەڵوێست و پەرچەکرداری فەرمیی حکوومەتی ئەنقەرەی لێ کەوتەوە و بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنادۆڵوو" حوسێن موفتی ئۆغلوو، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە وەڵامی ئێرانی دایەوە و کە گوتبووی سەبری ئێران لە بەرانبەر تورکیا "ئاستێکی هەیە".

موفتی ئۆغڵوو گوتیشی "ئەم قسانە بۆ وڵاتێک بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێن و تێگەیشتنیان دژوارە، ئەویش لەلایەن وڵاتێکەوە کە لە تەنانەت ناردنی پەنابەرانی بێ خانە و لانە بۆ بەرەکانی شەڕ درێغی ناکات، بەڵام سەیر لەوە دایە ئەم وڵاتە لە بەرانبەر ناسەقامگیریی ناوچەکەدا لایەنەکانی بە بەرپرسیار دادەنێت".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتیشی "ئێران دەبێ هەنگاوی بنیاتنەرانە هەڵبگرێت و لەباتی بە تۆمەتبارکردنی ئەو وڵاتانەی کە ڕەخنەی لێ دەگرن، بە کردەوە و سیاسەت و هەڵوێستەکانی لە ناوچەدا بچێتەوە."

ئێران بە یەکێک لە گرنگترین پشتیوانی حکوومەتی سووریا و مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دێتە ئەژمار و ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر بەشداری شەڕی ناوخۆی سووریایە، لە بەرانبەردا تورکیا و سعوودیەش لە دژبەرانی بەشار ئەسەد دێنە ئەژمار، هاوکات سعوودیە و ئێرانیش لە بەرەیەکی دیکەوە لەبارەی پاڵپشتی لە لایەنەکانی ناو یەمەن بوونەتە ڕکابەری توندی یەکتر.










باسنيوز
Top