جێگری ترەمپ: ڕێگە نادەین ئێران سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە تێك بدات

 جێگری ترەمپ: ڕێگە نادەین ئێران سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە تێك بدات
مایك بێنس، جێگری سەرکۆمار ئەمریكا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی رێگە نادات ئێران هەڕەشە لە ناوچەكە و لە عێراق بكات.

بەپێی ڕایگەیەندراوی كۆشكی سپی، ڕۆژی شەممە (18-2-2017)، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە و هەماهەنگیی نێوان هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگەی بەزر نرخاند و بە هۆكاری سەركەوتنەكان لە شەڕی مووسڵ وەسف كرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، جێگری سەرکۆماری ئەمریكا، حەیدەر عەبادیی ئاگادار كردووەتەوە كە ڕێگە نادەن ئێران، هەڕەشە بێت بۆ سەر هاوپەیمانانی ئەمریكا لە ناوچەكە، بە عێراقیشەوە.

جێگری دۆناڵد ترەمپ، عەبادیی لەوە دڵنیا كردووەتەوە كە چیتر ڕێگە نادەن ئێران هەڕەشە بێت بۆ سەر ئەمن و سەقامگیریی عێراق.

كۆشكی سپی بڵاویشی كردەوە كە هەردوولا چەندین مەسەلەیان تاوتۆی كردووە، لەوانە شەڕی دژ بە داعش و بارودۆخی ئابووری و پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ و پابەندبوونیان بە ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.








باسنيوز
Top