لە ورمێ ڕونووی بەفر دوو کەسی دیکەی کردە قوربانی
بەپێی هەواڵی ئاژانسی (کوردپا) ئەمڕۆ پێنجشەممە 2017 -2- 16 هەرەسی ڕنوو لە گوندی"بەردە سوور" لە ناوچەی سیلوانای ورمێ ڕووی دا و ماڵی هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو گوندە لەژێر بەفردا نوقم بووە کە باوک و کوڕێک "ئیسماعیل و عەزیم حەسەن ئاودی" گیانیان لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەشیان بریندار بوون.
بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو ڕووداوە بەرەبەریانیئەمڕۆ ڕووی داوە و بە هاوکاریی خەڵکی ئەو گوندە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لەژێر ڕنوو هێنراونەتە دەرەوە و دوو کەسیان مردوون و دوو کەسی دیکەشیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراون.
دەگوترێ کچێکی ئەو بنەماڵەیە چارەسەری سەرەتایی پزیشکی بۆ کراوە و لە نەخۆشخانە مورەخەس کراوە، بەڵام خێزانی ئەو هاووڵاتییە، هەتا ئێستا بۆ چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەدا ماوەتەوە.
لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ڕنوو و هەرەسی بەفر لە ناوچەکانی سەردەشت، پیرانشار و شنۆ نزیکەی 20 کۆڵبەر بوونە ژێر ڕنووی بەفرەوە و 6 کەسیان گیانیان لەدەست دا.
باسنيوز
