ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت سوپای پاسداران بخاتە نێو لیستی تیرۆر
میدیا ئه‌مریكییەکان باس له‌وه ده‌كه‌ن، راوێژكاره‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا ره‌شنووسی بڕیاره‌كه‌یان ئاماده‌كردووه و ئێستا خه‌ریكی داڕشتنەوە و پێداچوونه‌وه‌ن.
هه‌رچه‌نده تاوەکو ئێستا ئیداره‌ی ئه‌مریكا به دیاریكراوی راینه‌گه‌یاندووه چ كاتێك ئه‌و كاره ده‌كات، بەڵام لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر ئەو پرسە، شۆن سپایسەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، مەترسییەکانی سەر ئەمریکا لە رەگ و ریشە دەردەهێنن.
گوته‌بێژی كۆشكی سپی گوتی "من باسی هیچ بڕیارێك ناكه‌م كه له‌وانه‌یه له‌داهاتوودا رایبگه‌یێنین. به‌ڵام ئه‌وه بزانه كه سه‌رۆك له‌و مه‌ترسییانه تێده‌گات كه رووبه‌ڕووی وڵاته‌كه‌مان ده‌بێته‌وه و، هه‌موو شتێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هێرشبكاته سه‌ریان و له ره‌گ و ریشه ده‌ریان بهێنێت".
چاودێران پێیانوایه، بڕیارێكی له‌و جۆره كاریگه‌ری ده‌روونی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر حكومه‌تی ئێران ده‌بێت.
ئیمانوێل ئۆتۆلێنگی، لە دامه‌زراوه‌ی به‌رگری نیشتمانی بۆ رووداو دەڵێت "به‌پێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئێران وڵاتێكه كه سپۆنسه‌ری تیرۆریزم ده‌كات. پێشتر ئه‌مریكا هێزی قودس كه لقێكی سوپای پاسدارانه و فه‌رمانی له‌و سوپایه‌وه بۆ دێت، له لیستی تیرۆر دانابوو. له‌به‌ر ئه‌وه هیچ هۆیه‌كی لۆجیكی نییه رێگر بێت له دانانی سوپای پاسداران له لیستی تیرۆر".
هه‌ندێك كه‌س مه‌ترسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه، كاردانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێی ئێران هه‌بێت، به تایبه‌ت عێراق.
ئۆون وڵسن، توێژەر لە دامه‌زراوه‌ی ئه‌تلانتیك كاونسڵ بۆ رووداو دەڵێت "گومانی تێدا نییه كه دانانی سوپای پاسداران له لیستی تیرۆر، هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپ و لایه‌نانه‌ی عێراق ئاڵۆز ده‌كات كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان سوپای پاسداران سپۆنسه‌ریان ده‌كات".
راوێژكارانی دۆناڵد تره‌مپ پێیانوایه، سوپای پاسداران هه‌موو خاسیه‌تێکی تێدایه بخرێته نێو لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانه‌وه. گرنگترین هۆكار ئه‌وه‌یه كه بەپێی راپۆرته هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مریكا، سوپای پاسداران ده‌ستی سووره به كوشتنی سه‌تان سه‌ربازی ئه‌مریكی له ماوه‌ی ساڵانی 2003 بۆ 2011 لە عێراق.
روداو
