ئێران.. دانیشتوانی ئەهواز ڕژانە سەرشەقام
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (کوردپا) هەزاران کەس لە دانیشتوانی پارێزگای خووزستان دژی سیاسەتەکانی حکوومەت ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
خۆپیشاندەران دروشمی دژی حکوومەتیان داوە و داوایان کردووە که بەرپرسانی حکوومەت لەو پارێزگایە دەست لەکار بکێشنەوە.
خۆپیشاندەران باسیان لەوە کردووە کە؛ حکوومەتی ئێران مافی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە پێشێل کردووە و لە هەموو بوارێکدا و هەڵاواردن دەکات.
سەرەتای ئەم هەفتەیە بههۆی بارینی تۆزوخۆڵی زۆر و شێداربوونی کەش و هەوای ئەو پارێزگایە، ژمارەیەک لە وێستگەکانی وزه لەکار کەوتوون و لە زۆربەی شارە گەورەکاندا کارەبا پچڕاوە.
نوێنەری ئابادان لە پەرلەمان ڕایگەیاندووە "دۆخی شپرزەی پارێزگای خووزستان لە لایەکەوە بۆ بارینی تۆز و خۆڵ و لەلایەکی دیکەوە بۆ گرنگی نەدانی دامەزراوەکانی ئەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە."
بەرپرسانی حکوومەتی لەو پارێزگایه باس لەوە دەکەن کە "بەهۆی پیسبوونی کەشو هەوای ئەو پارێزگایەوە ڕۆژانه 20 هەزار کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن که دەفرایەتی ئەو ڕێژه نەخۆشەیان نییه."
میدیا حکوومەتییەکان پێشتر بڵاویان کردبووەوە کە؛ تاڵاوی (هورۆلعەزیم) لە پارێزگای خووزستان وشک بووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بارینی تۆز و خۆڵ لەو پارێزگایە زیاتر بێت و کێشە بۆ دانیشتوانی دروست بکات.
تاڵاوی هورۆلعەزیم یەکێک لە گرنگترین ژینگەکانی باڵندەکانی ناوچەکەیە، هەروەها ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لەسەر بژیوی ژیانی هاووڵاتییان هەبووە.
بەشێک لە کێشەی تۆزوخۆڵ بۆ وشکبوونی زونگاوەکانی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە که بەرپرسانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ژینگە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوەتەوە، هەروەها جیا لە قەیرانی تاڵاوەکان، قەیرانی کەم ئاوی، سروشت و ژینگە بووەتە کێشەی سەرەکیی ئێران.
باسنيوز
