كۆشكی سپی: ئەمەریكا بە زارەكی، هێڵی سووری بۆ دیكتاتۆری ئایینی ئێران كێشاوە

كۆشكی سپی: ئەمەریكا بە زارەكی، هێڵی سووری بۆ دیكتاتۆری ئایینی ئێران كێشاوە
سباستیەن گوركا: ئەولەوییەتی بەرنامەی دۆناڵد ترامپ رێگریكردنە لە ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی و موشەكی بالیستیك

سباستیەن گوركا، راوێژكاری باڵای سەرۆككۆمار ترامپ، بە ئاشكرا رایگەیاند ئابڵوقە نوێیەكان دژی ئێران پەیامێكی روون و ئاشكرایە لە كابینەی نوێوە بۆ «دیكتاتۆری ئایین»ی ئێران.

گوركا، شەوی هەینی 3ی شوبات لە وتووێژێكی تایبەت وەڵامی پرسیارەكانی شان هنیتی پێشكەشكاری هەواڵەكانی فاكس نیوزی داسەوەو گوتی: وێڕای رێزم بۆ خەڵكی ئێران وەك مرۆڤگەلێك باش و كولتوورێكی چەند هەزارساڵە بەڵام لە تاران رژیمێكی لێیە كە بە پشتگیری لە تیرۆریسم و ئەو گروپانەی كە نوێنەرایەتی ئێران دەكەن و هەڕەشە و ترساندن، وڵاتانی ناوچەكەی هەر لەیەمەنەوە تا عێراق و تەنانەت هەموو دنیایی توشی ناسەقامگیری كردووە، ئێمەش بە كێشانی هێڵێكی سووری زۆر زۆر روون و شەفاف، ئەو پەیامەمان بۆیاننارد كە چیدیكە ئەو رەفتارانە قابلی قبوڵ نییە.

گوركا گوتی بە هیوای خوا، مەلاكان، كە لە سەرچاوەی دەسەڵاتی ئەم دیكتاتۆرییە ئایینیەدان، پێدەزانن كە ئیتر ئەمە پێشووتر نییە و ناتوانن درێژە بە رەفتارەكانیان بدەن.

گوركا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشكەشكاری كەناڵی فاكس نیوز لەبارەی پەرچەكرداری تاران بە نسبەت گۆڕانی سەرەكی سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە تاران گوتی: دۆناڵد ترامپ، قسەكانی دەكات بەكردار، منیش دڵنیاتان دەكەمەوە ئەوانیش جۆرێكی دیكە بۆ ئەم دۆخە دەڕوانن و دەزانن ئەم هێڵی سوورە سوریا نییە. بەدڵنیاییەوە هێڵی سووری دەوڵەتی پێشووتان لەسەر سوریا لەبیرە! ئەمجار دۆخەكە زۆر جیاوازە و هیوادارم ئەوانیش بگەنە ئەو قەناعەتەی ئەو رەفتارەی كە 30 ساڵە ناوچەكەی تووشی ناسەقامگیری كردووە، ئیتر بە قازانجیان نییە.

گوركا هەروەها روونیكردەوە بۆچی ئەولەوییەتی بەرنامەی دۆناڵد ترامپ رێگریكردنە لە ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی و موشەكی بالیستیك. ئەو گوتی: ئێمە رژیمێك دەبینین كە بەشێك لە بیركردنەوەیان، بیركردنەوەی كۆتایی دنیا و غەیبەتی ئیمامی زەمانە. ئەوان وا دەزانن خەریكی بەرپاكردنی خەلافەتێكن لە سەرەتای دنیائاخریدا. ئەوان بە دوای چەكی كۆكوژیەوەن و ناتوانرێت وەك سۆڤیەتی پێشوو بۆ بەرگیریكردن لێیان، هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت. ئەوان ئەكتەرێكی عاقڵی وەك لیئۆنید برێژنێفیان نییە. ئەوان هەر بەڕاست لەسەر ئەو بڕوایەن كە كۆتایی دنیا، بیركردنەوەیەكی باشە. هەر بەم هۆیە زۆر خراپە ئەوان چەكی ئەتۆمیان لە بەردەست بێت.

xor
Top