مزووری: مووسڵاوییەکان دەترسن حەشدی شەعبی ستەمیان لێ بکات
(محێدین مزووری) ڕاستە لای چەپی مووسڵ ئازاد كراوە، بەڵام ئاڵۆزە و ھێشتا بە تەواوەتی پاك نەبووەتەوە، وەک ئەو گوتی، شانەی نوستووی داعش ماون و جگە لەوەش ئەو ھێزانەی لەوێن بە تایبەت گرووپەكانی حەشدی شەعبی، جێگەی مەترسین بۆ خەڵكی مووسڵ و زۆر لێیان دەترسن كە ستەمیان لێ بكرێت.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی چواردەی پارتی ڕوونی كردەوە، خەڵكی مووسڵ بە ھیچ شێوەیەك بە بوونی حەشدی شەعبی لە مووسڵ رازی نین، بەڵام ناوێرن دەنگ بكەن، چونكە دەترسن گەر دەنگ بكەن ستەمیان لێ بكەن.
(مزووری) ئەوەیشی خستە ڕوو، هێزێکی حەشدی شیعەی شەبەك كە (حەنین قەدۆ) سەر پەرشتییان دەكات و نزیكە لە (نووری مالیكی)، چوونەتە ھەندێك ناوچەی شەبەكنشین، وەكو بازوایە و ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ، هەڵبەت ئەمە بووەتە ھۆی دڵەڕاوكێ لای ئەو خەڵكە، لەبەر ئەوەی ترسیان ھەیە تۆمەتباریان بكەن بەوەی لەگەڵ داعش بوونە و ستەمیان لێ بكەن.
(محێدین مزووری) جەختی کردەوە، "خەڵكی مووسڵ دەیانەوێت ھێزی پێشمەرگە بچێت ناوچەكانیان بپارێزێت، چونكە دەزانن ھێزی پێشمەرگە ھێزێكی نیزامییە و دەیاپارێزێت و جێگەی مەترسی نین و ئەزموونیان لەگەڵیان ھەیە، بەڵام ھیچ متمانەیان بە حەشدی شەعبی نییە."
دەشڵێت: "دوای ئەوەی داعش لە باشیك شكستی برد ئەمە سەرباری ئەوەی ھێڵێكی زۆر بەھێزی بەرگری لێی دانابوو، ئەوكات زانیمان كە داعش لاواز بووە و ھێزی نەماوە، بەڵام ئێستا ناچارە بەرگری بكات و شەڕی مان و نەمان دەكات و دیواری ماڵان كون كون دەكات بۆ مانەوەی خۆی، چونكە لەناو دەچێت، بۆیە چەكە قورسەكانیشیان ئەوەی ھەیانە بردوویانە بۆ لای راستی شاری مووسڵ، لەبەر ئەوە لەلای راستی مووسڵ شەڕێكی بەھێز دەكەن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی (مزووری)، سەركردە باڵاکانی داعش ئەمیری داعش لەناو مووسڵ نەماون و باوەڕی وایە کە چووبێتنە ناوچەی حەزەر كە تا ئێستا سوپا و حەشدی شەعبی پێی نەگەییشتوون، بەڵام زۆرێك لە چەكدارە بیانییەكانیان لەناو مووسڵ ماون وەكو چیچانی و ڕووسیایی و مەغریبی و پاكستانییەکان.
KDP
