ترەمپ بەرگری لە بڕیارەكەی دەكات

ترەمپ بەرگری لە بڕیارەكەی دەكات
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بەرگری لە بڕیارەكەی كرد بۆ قەدەغەكردنی ھاتنی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی 7 وڵاتی بە زۆرینە موسڵمانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، سەرباری ئەو زنجیرە خۆپیشاندان و تۆڕەبوون و سەرلێشێواوییەی ئەم چەند رۆژەی رابردوو لە ئەمریكا و شوێنەكانی دیكەی جیھان روویدا.

ترەمپ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەمریكا بەردەوام دەبێت لەسەر "ھاوسۆزی لەگەڵ ئەو كەسانەی بە دەست ستەمەوە را دەكەن".

دەشڵێت: "ئەمریكا ھەمیشە وڵاتی ئازاد و ماڵی لێھاتووەكانە...، لەسەر ئەو ئازادییە و سەقامگیركردنی بەردەوام دەبین، ھەر وەك میدیا دەزانێت، بەڵام ئامادە نییە بڵێت".

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ھەر لە بەردەوامی بەرگری لە بڕیارەكەی دەڵێت: "رونە ئەوە قەدەغەیی لەسەر موسڵمانان نییە، وەك میدیاكان بە درۆ باسی دەكەن، ئەوە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، بەڵكو تایبەتە بە تیرۆر و سەقامگیركردنی وڵاتەكەمان".

بەیاننامەی ترەمپ دوایین ھەوڵی كۆشكی سپییە بۆ رونكردنەوەی بڕیارەكەی لە بارەی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی عێراق، ئێران، سوریا و چوار وڵاتی دیكەی بە زۆرینە موسڵمان كە رۆژی ھەینی رابردوو 27 كانوونی دووەم بۆ ماوەی سێ مانگ (90 رۆژ) پێدانی ڤیزە و رێگەپێدان بە ھاتنی ھاووڵاتیانی ھەر یەك لە سوریا، ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن ھەڵپەسارد.

ھەروەھا بۆ ماوەی چوار مانگیش (120 رۆژ) وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەو 7 وڵاتە ھەڵپەسارد، تا ئەوكاتەی یاسایەكی گشتگیر دەردەچێت.




K24
Top