نزیکەی چل کەس لە هێزە سەربازییەکانی تورکیا داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کرد
تورکیا هەتا ئیستا ژمارەیەکی زۆری هێزە سەربازییەکانی بە گومانی دەستهەبوون لە کودەتا سەرنەکەوتووکەی هاوینی رابردوو دەستبەسەر کردووە یان لە سەر کاری لاداون و حوکمی دەستبەسەرکردنی ٧٣ فڕۆکەوانیشی دەرکردووە.
ستێڤان مایەر، لە پارتی پارێزگارانی یەکێتیی سۆشیالی مەسیحیی بایرن لە ئاڵمانیا، رایگەیاندووە: چونکە ئەو پەناخوازانە لە تورکیا ترسی دەستبەسەرکردنیان لەسەرە، بۆ ئەم وڵاتە نانێردرێنەوە.
هەفتەنامەی شپیگڵ و تەلەفزیۆنی ئەی ئار دی، بڵاویان کردەووە: ئەم پەناخوازانە زۆربەیان خاوەن پلەی سەربازین و لە بنکەی سەربازیی ناتۆ لە ئەڵمانیا هیچ پێوەندییەکیان بە کودەتا ناسەرکەوتووەکەوە نەبووە، بەڵام ئەگەر بگەڕێندرێنەوە تورکیا لەژێر مەترسیی دەستبەسەرکردن و ئەگەری ئەشکەنجەکردن دان.
بڕیارە ئەنگیلا مەرکیل، راوێژکاری ئەڵمانیا، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو سەردانی تورکیا بکات. مەرکیل داوا لە تورکیا دەکات پابەندی ئەو بەڵینیانە بێت لەبارەی پەناخوازانەوە بە یەکێتیی ئەوروپای داوە.
تورکیا پێشتر بەڵێنیی بە یەکێتیی ئەوروپا دابوو، لەبەرانبەر وەرگرتنی پارە لەم یەکێتیە، بە ژیانی پەناخوازان رابگات و ئیزن نەدات بێ رێککەوتن لەگەڵ ئەوروپا لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا بپەڕنەوە.
payamner-
