تورکیا: شارۆچکەی باب رادەستی رژێمی سووریا ناکەین
رۆژی سێشەممە 24/1/2017، نعمان کورتوڵموش، جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی راگەیاندووە، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش هیچ هاوکارییەکی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیای بۆ رزگارکردنەوەی شارۆچکەی باب لە پاریزگای حەلەب لە باکووری سووریا، نەکردووە.
نعمان کورتوڵموش هەروەها رایگەیاندووە، کە هیزەکانی وڵاتەکەی و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا شارۆچکەی باب رزگار دەکاتەوە و و دوای رزگارکردنەوەشی، ”باب رادەستی رژێمی سووریا ناکاتەوە“.
لە کۆتایی مانگی 8ـی 2016، سوپای تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان لە باکووری سووریا بە ناوی (قەڵغانی فورات) دەست پێکرد، بە ئامانجی ”پاککردنەوەی باکووری سووریا“ لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و داعش.
ئێستا شارۆچکەی باب لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیر کراوە و لە مانگی 12ـی 2016ـەوەش لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نزیک لە تورکیا، گەمارۆ دراوە.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، تورکیا بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی رژێمی سووریا دەکات و پاڵپشتیی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە دەکات.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز
