پاریس.. دادگا دۆسیەی کوژرانی سێ ژنە چالاکوانەکەی پەکەکە دادەخات

 پاریس.. دادگا دۆسیەی کوژرانی سێ ژنە چالاکوانەکەی پەکەکە دادەخات
دادگای فەرەنسی دۆسیەی کوژرانی سێ ژنە چالاکوانەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەخات.

بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 24/1/2017 دادگای باڵای فەرەنسی دوایین دانیشتن لەبارەی دۆسیەی کوژرانی ئەو سێ ژنە بەڕێوە ببات و بڕیاری کۆتایی لەبارەی عومەر گونەی، تۆمەتبار بە کوشتنیان، بدات.

بەهۆی ئەوەی عومەر گونەی هەروەک پۆلیسی فەرەنسی رایگەیاند لە رۆژی 18/12/2016 لە زینداندا کۆچی دوایی کرد، دادگا دۆسییەکەی بە تەواوی داخست.

عومەر گونەی، کە هاووڵاتییەکی تورک بوو، تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی هەرسێ ژنە چالاکوانی پەکەکە ساکینە چانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان بوو.

ساکینە چانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز رۆژی 9/1/2013 لە بنکەیەکی پەکەکە لە شاری پاریس کوژران.

چانسز، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و کەسێکی نزیکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بوو، لە ساڵی 1979 تاوەکو 1992 لە تورکیا زیندانی کراوبوو، هەروەها فیدان دۆغان کەسێکی دیپلۆماتکاری پەکەکە بوو لە ئەوروپا و لەیلا شایلەمەزیش چالاکوانێکی گەنجانی پەکەکە بوو.







باسنيوز
Top