بەرپرسێکی باڵای ئەفغانستان: ئێران و تاڵیبان پێکەوە پەیوەندییان هەیە
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ڕادیۆ فەردا) حەیاتوڵا حەیات، قایمقامی هەرێمی هیلمەندی ئەفغانستان بە بەشی رادیۆی ئەورووپای ئازادی ئەفغانستانی گوتووە "بەپێی هەندێ سەرچاوە و زانیاریی وردی هەواڵگری، دیدارێک لە نێوان بەرپرسانی ئێرانی بەرپرسانی باڵای تاڵیبان لە ناوچەی "گەرمەسێری"ی هیلمەند ڕووی داوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەبارەی بابەت و وردەکارییەکانی ئەو دیدارەی ئێران و تاڵیبان بەردەوامە."
لە دوو ناوچەی "گەرمەسیر و سەنگین" لە پارێزگای هیلمەند، لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندان دەرگیریی توند و خوێناوی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و میلیشیاکانی تاڵیباندا ڕووی داوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە "لە تێکهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەدا چەندان مووشەکی بەرهەمی ئێران دۆزراوەتەوە کە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە هاوێژراون."
ساڵی ڕابردووش چەندین میدیای ئەفغانی و جیهانی بڵاویان کردەوە کە بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان سەردانی تارانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیی ئێران کۆبووەتەوە.
