ئیسرائیل: نتانیاهۆ و ترەمپ لەبارەی ئێران و فەلەستین گفتۆگۆیان هەبووە
میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە "ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەی نێوان ترەمپ و نتانیاهۆ دوانیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە 2017 -1- 22 ئەنجام دراوە و سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و پرۆسەی ئاشتیی فەلەستین بە وردی پێکەوە قسەیان کردووە."
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) نتانیاهۆ ئەو گفتۆگۆیەی زۆر بە گەرم و دۆستانە لەقەڵەم داوە و ئاشکرای کردووە کە سەرکۆماری ئەمریکا بە فەرمی ئەوەی بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە.
بەپێی بەیاننامەکەی نووسینەگی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەردوولایەن لەو گفتۆگۆیەدا لەبارەی ڕێککەوتینی ئەتۆمیی ئێران پرۆسەی ئاشتیی ئیسرائیل و فەلەستین و چەند پرسی دیکە قسەیان کردووە.
ڕاگەیەنەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە "دۆسیەی ناوکیی ئێران و جموجٶلە ناوچەییەکانی ئێران" لە دەستووری کاری هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکایە و سەرکۆماری نوێش گرنگی بەم بابەتە دەدات.
شەوی 2017 -1- 22 بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا ڕوو بە خەڵکی ئێران گوتی "ئێمە لەسەر حکوومەتی ئێران زۆرمان قسە کردووە، بەڵام هیچکات باسی خەڵکی ئێرانمان نەکردووە، دەبێ بڵێم ئێمە دۆستی خەڵکی ئێرانین و حیسابی خەڵک لە حکوومەت جیا دەکەینەوە، ڕژێمی ئێران بێ بەزەییە، خەڵک ئاوا نین، حکوومەت شەڕخوازە، بەڵام خەڵک زۆر بە بەزەیی و خوێنگەرمن."
باسنیوز
