سووریا ... لە هێرشێکی پێنتاگۆندا 100 چەکداری توندڕەو کوژران
بە گوتەی جێنەراڵ "جێف دەیویس" گوتەبێژەی پێنتاگۆن ئەو هێرشە لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی بێ سەرنشینەوە بووە و بۆمبی B52یان بەکار هێناوە و بنکەیەکی سەربازیی قاعیدە (فەتحولشام)یان لە پارێزگای ئێدلب کردووەتەوە ئامانج کە زیاتر لە 100 چەکدار کوژراون.
ئەو بنکە سەربازییە لە ساڵی 2013ەوە لەو ناوچەیە چالاک بووە.
ئەو هێرشە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام دراوە و لە دوایین کاتژمێرەکانی کاری باراک ئۆباما وەک سەرکۆماری ئەمریکا بووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا کەمتر لە 24 کاتژمیر پێش ئەو هێرشە بۆمب هاوێژە بێ سەرنشینەکانی ئەمریکا بنکەیەکی داعشیان لە لیبیا کردە ئامانج و زیاتر لە 90 چەکداری داعش کوژراون.
بە گوتەی جەنەراڵ دەیڤیس، ئەم هێرشە بۆ سەر ئەلقاعیدە و داعش لە سووریا، کە ناوەندە سەربازییەکان و شوێنی مەشقی ئەو چەکدارانەی کردووەتەوە ئامانج زەربەیەکی زۆر کاریگەری لێ داون و بووەتە هۆی تێکچوونی کار و چالاکییەکانیان و بووەتە هۆی دابەزینی توانایی سەربازی و شەڕکردنی داعش و ئەلقاعیدە.
باسنیوز
