رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ چۆن دەبێت ؟
رێوڕەسمەکە لە کاژێر 16:30 خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، ئەوەش کاتێک ترەمپ و هاوژینەکەی سەردانی کەنیسەی سەینت جۆن دەکەن، کە زۆر لە کۆشکی سپیەوە دوور نییە.
دوای ئەوە، ترەمپ و هاوژینەکەی بە لیمۆزین دەچنە کۆشکی سپی و لەوێش لەلایەن باراک ئۆباما و میشیل ئۆبامای هاوژینیەوە پێشوازیان لێدەکرێت. هەردوو خانەوادە چایەک پێکەوە دەخۆنەوە و بۆ ماوەیەک پێکەوە دەبن.
پاشان، ترەمپ و ئۆباما و هاوژینەکانیان لە کۆشکی سپی دەچنە دەرەوە و بە جیا بەرەو کاپیتڵ هیڵ بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی ترەمپ سوێندی یاسایی بخوات و پێشبینیش دەکرێت کاژێر شەش و نیو بگەنە کۆنگرێس.
لە دەوروبەری کاژێر 19:30 خولەک رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە دەستپێدەکات و سەرەتاش چەند گوتەیەک پێشکەش دەکرێن و لە کاژێر 8:00یش سوێندخواردنەکە بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکات و پاشانیش ترەمپ گوتەیەک پێشکەش دەکات.
پاش ئەوەش، ترەمپ و میلانیا ماڵئاوایی لە باراک ئۆباما و میشیل ئۆباما دەکەن و دواتر سەرۆکی نوێ یەکەمین واژۆی فەرمی خۆی لە باڵەخانەی کۆنگرێس دەکات و دوای ئەوەش لە کۆنگرێس نانی نیوەڕۆ دەخۆن.
کاتێکیش رێوڕەسمەکە لە کۆنگرێس تەواو بوو، ئیدی ترەمپ و میلانیا دەگەڕێنەوە کۆشکی سپی و لەوێوە سەیری چەند نمایشێکی سەربازیی دەکەن.
چەند کاژێرێک دوای ئەوەش، دۆناڵد ترەمپ و هاوژینەکەی کۆشکی سپی بەجێدەهێڵن بۆ بەشداریکردن لە چەند کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئامادەبووانیش ئەوانە دەبن کە بانگێشتکراون.
دوا ساتەکانی شەو و لەم کۆبوونەوە کۆمەڵایەتیانەدا، جۆری جیاوازی خواردن دادەنرێن و چەندین تیمی میوزیکژەنیش بەشداردەبن.
رووداو
