لە ناوەندی تاران تەقە لە فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کرا
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران و بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوندی تاران تەقە لە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کراوە.
بە پێی هەواڵی میدیای ئێرانی، ئەو فڕۆکەیەی تەقەی لێکراوە، "کوادکۆپتەر"ێکی وێنگرتن بووە.
دوای ئەم رووداوە، بەپرسانی سەربازیی ئیران رایانگەیاند: فڕۆکەکە لە شوێنی هەستیاری ناوەندی تاران نزیک بووەتەوە، بۆیە تەقەی لێکراوە.
جێگری قایمقامی تاران، ئەسغەر ناسربەخت، رایگەیاندووە، فرۆکەکە تێکشکێندراوە، بەڵام جێگری فەرماندەی عەمەلیاتی یەکەی دژە ئاسمانی تاران، عەلیرەزا ئیلهامی رایەگیاند: لە سەرەتای تەقەکردن لە شوێنەکە دوور کەوتووەتەوە.
فڕۆکەکە لە تاران بۆ چەند دەقەیەک لە شەقامی "ئینقلاب" نزیک بووەتەوە.
سێ هەفتە لەمەوبەریش، فڕۆکەیەکی لەم شێوەیە لە شەقامی ئینقلابی تاران نزیک بۆوە و لەلایەن یەکەی دژە فڕۆکە تەقەی لێکرا.
لە تاران نزیک شەقامی ئینقلاب بە هۆی نزیکبوون لە ماڵی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچەی نەفڕین راگەیەندراوە و هیچ جۆرە فڕۆکەیەک ئیزنی پێنادرێت لەم گەڕەکانەی تاران نزیک بێتەوە.
payamner-
