سەبهان: باڵیۆزی نوێی ئێران لە عێراق تاوانباری جەنگە

 سەبهان: باڵیۆزی نوێی ئێران لە عێراق تاوانباری جەنگە
باڵیۆزی پێشووی سعودیە لە عێراق هێرش دەکاتە سەر ئێران و رایدەگەیەنێت، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئێران لە عێراق، ”تاوانباری جەنگە“.

سامر سەبهان، باڵیۆزی پێشووی سعودیە لە بەغدا و وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری کەنداری عەرەبی لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، رایگەیاندووە، ”ئێران داواکراوێکی نێودەوڵەتی دەکاتە باڵیۆزی خۆی لە عێراق“.

سامر سەبهان باسی لێدوانی محەمەد حوسێن رەجەبی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە لە کوردستانی رۆژهەڵات دەکات و رایدەگەیەنێت، کە ”ئێران تاوانبارێکی جەنگ“ وەک باڵیۆز لە عێراق دیاری دەکات و ”داوای داخستنی کونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر دەکات“.

ئەو وەزیرە سعودیە سەرسوڕمانیی خۆی لەوە نیشان دەدا، کە ئێران ئەو داوایە دەکات و ”هیچ کاردانەوەیەکی عێراقیشمان نەبینی“ و بە تەنزەوە باسی ”سەروەریی“ عێراق دەکات.

پێشترمحەمەد حوسێن رەجەبی رایگەیاندبوو، کە پێویست نییە هەرێمی کوردستان 30 کونسوڵخانەی ولاتانی لێبێت و داوای داخستنی کونسوڵخانەی سعودیەی لە هەولێر کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش رەتی کردەوە هیچ کونسوڵخانەیەک دابخات، ”مافی کەس نییە داوای داخستنی کونسوڵخانەیەک لە ھەرێمی کوردستان بکات“.

هەفتەی رابردوو حکوومەتی ئێران بڕیاری دا عەقید ئیرەج مەسجدی، فەرماندەی سوپای پاسداران و راوێژکاری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بکرێتە باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا.

داوای داخستنی کونسوڵخانەی سعودیە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو بەرپرسە ئێرانییەوە لە کاتێک دایە، ئێران دوو کونسوڵخانەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانیدا هەیە.





باسنيوز
Top