كۆڕبەندی ئابووریی جیھان دەستپێدەكات

كۆڕبەندی ئابووریی جیھان دەستپێدەكات
كۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی جیھان رۆژی سێشەممە 17 كانوونی دووەمی 2017 بە بەشداری رێبەرانی سیاسی و ئابووری جیھان و ناوچەیی، ئەكادیمی و پیشەسازی و میدیاكاران لە داڤۆسی سویس دەستپێدەكات.

بەپێی خشتەی كاری كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە ریزی ئەو كەسانە دایە كە گوتاری دەبێت و بەشداری لە پانێلەكانی دەكات.

كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس تا رۆژی 20 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرباری تاوتوێكردنی پرسی ئابووری و رەھەندە جیاوازەكانی، پرسە سیاسییەكان و پەیوەندیی نێوان وڵاتان و كێشە جیھانییەكان دەخرێتەڕوو.

كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ساڵی 1971 لە لایەن كلاوس شواب پرۆفیسۆری ئەڵمانی زانكۆی ژنێڤ دامەزرا، لە سەرەتادا ناوی "كۆڕبەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپا" بوو، ئامانجیشی كۆ كردنەوەی رێبەرانی ئابووری و سەرمایەدارانی ئەورووپا بوو، بەڵام دواتر لە ساڵی 1987 بۆ " كۆڕبەندی ئابووریی جیھان" گۆڕا و پرۆگرامەكانی بۆ پلاتفۆرمی چارەسەركردنی ناكۆكییە جیھانییەكان فراوانتر كران.

كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ماڵپەرەكەی لەو بەشەی تایبەتە بە قسەكەرانی كۆڕبەندەكە، ناوی ئەو كەسانەی بڵاو كردووەتەوە كە لە پانێلە جیاوازەكانیدا بەشداری دەكەن.

سەرۆك ھەرێمی كوردستان لە رێزی ئەو كەسانە دایە كە بەشداری لە باسە جیاوازەكانی كۆڕبەندەكە دەكەن.

بارزانی لە پانێلی تایبەت بە عێراق و سوریا بەشداری دەكات كە لە رۆژی 20 ئەم مانگە رێك دەخرێت و ھەر یەك لە ستیفان دی میستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووكان بۆ سوریا، محەمەد شیمشەك جێگری سەرۆك وەزرانی توركیا، مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی ھیلال Crescent Petroleum و مینا ئورێبی ستوون نووسی رۆژنامەی "شرق الاوسط" بەشداری تێیدا دەكەن.

ھەرورھا تەنیا ئاماژە بە ژیانی سیاسی و رابردووی بارزانی كردووە، لەگەڵ ئەو بەرپرسایەتییەی لە ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ماوەكانی رابردوو و ئێستا ھەیە، لەوانە ئەو رۆڵەی لە دامەزراندی بەرەی كوردستانی بۆ سەركرایەتی كردنی گەلی كورد لە راپەرینی دژی رژێمی بەعس و بەشداریكردن لە ئەنجومەنی حوكم لە ساڵی 2004 و بە فەرمی ناساندنی ھەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق و پەرەپێدانی دیموكراسی و دامەزراندنی دامەزراوەكان لە ھەرێمی كوردستان ھەبووە.







K24
Top