ئێران.. 20 هاووڵاتیی لە سێدارە دران

 ئێران.. 20 هاووڵاتیی لە سێدارە دران
20 هاووڵاتیی ئێرانی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە سێدارە دران و لە بەحرەین‌یش سێ هاووڵاتیی شیعە لە سێدارە دران.



بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی میدیا ئێرانییەکان، ئەو 20 کەسە، کە لە رۆژانی شەممە 13/1/2017 و رۆژی یەکشەممە لە سێدارە دراون، دادگا تاوانباری کردبوون بە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، وێڕای تاوانی کوشتن.



20 کەسەکە لە زیندانەکانی رەجایی، کرمان، کەرەج و قەزوین لە سێدارە دراون.



لە ماوەی 15رۆژی سەرەتای ئەمساڵەوە و بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، 45 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، کە نزیکەی 10یان هاووڵاتی کوردی کوردستانی رۆژهەڵاتن.



لە درێژەی لەسێدارەدانەکان، رۆژی یەکشەممە 15/1/2017، دەسەڵاتدارانی بەحرەین لە کەنداوی عەرەبی رایانگەیاند، کە سێ گەنجی وڵاتەکەیان بە تۆمەتی تیرۆر، لە سێدارە داوە.



هەریەکە لە عەباس سەمیع، عەلی سەنکیس و سامی مشەیمع، سێ هاووڵاتیی شیعەمەزهەبی بەحرەینی بوون و بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەیەک لە گوندی ئەلدییە لە باشووری مەنامەی پایتەخت، لە سێدارە دران.



لەسێدارەدانەکانی ئێران بوونەتە هۆی ناڕەزایی وڵاتان و هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب و لەسێدارەدانەکانی بەحرەین‌یش بوونەتە هۆی ناڕەزایی هاووڵاتییان و بەرپرسانی شیعەی هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق.








باسنوز
Top