ئەمریکا: بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی تورکیا دەکەین لە شەڕی دژی تیرۆر
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ”رێکخراوێکی تیرۆریستییە“.
جۆن کێربی هەروەها رایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە تورکیا سەبارەت بە مەترسییەکانی مانەوەی چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە شنگال تێدەگات و ”بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی تورکیا دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر“.
حکوومەتی تورکیا چەندین جار پەکەکە، بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن و رێکخراوی توندڕەوی داعشی خستووەتە یەک بەرەوە و رایگەیاندووە، کە ئەو سێ لایەنە ”تیرۆریستن“ و مایەی هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەه رایگەیاندووە، کە هاووڵاتییان شاری شنگال بەهۆی بوونی چەکدارانی سەر بە پەکەکەوە ناوێرن بگەڕێنەوە شارەکەیان.
هێزێکی چەکداریی سەر بە پەکەکە لە شنگالە، کە بە گوتەی مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، ئەو هێزە بووەتە رێگر لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، چونکە مەترسیی بۆ سەر کارمەندانی رێکخراوە بیانییەکان و هاووڵاتییان دروست کردووە.
ئەو هێزەی سەر بە پەکەکە وەک بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەغدا مانگانە مووچە بە چەکدارەکانی دەدات، کە ئەم بابەتە بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و عێراق.
لە سەردانێکیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لە دوو رۆژی رابردوو ئەنجامی دا، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بەڵێنی داوە کار بکات بۆ دەرکردنی ئەو چەکدارانەی سەر بە پەکەکە لە شنگال و دوای گەڕانەوەشی بۆ ئەنقەرە لە شەوی یەکشەممە 8/1/2017، یڵدرم هەڕەشەی لە عێراق کرد، کە ئەگەر ئەو چەکدارانەی سەر بە پەکەکە دەرنەکات، ئەوا تورکیا ”هەنگاوی پێویست“ لە دژی عێراق دەگرێتەبەر.
باسنیوز
