داواکاری گشتیی ئەڵمانیا: سیخوڕێکی سەر بە ئێرانمان دەستگیر کردووە
بەپێی هەواڵ و زانیاریی ماڵپەڕی (کەناڵ 1 و کەناڵ ٣)ی ئاڵمان، هەروەها بڵاوکراوەی "ڕوود دویچێ سایتۆنگ" داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە: "ئێران بەو هۆیەوە سیخوڕی لەسەر "ڕاینهۆڵد ڕووبێ" سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئاڵمان و ئیسڕائیل و ئەندامی حیزبی سوسیال دیموکراتی ئەڵمانیا کردووە تاکوو لە کاتێکی گونجاودا تێرۆری بکات."
ماوەیەک پێش ئێستا کەسێکی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیران (ئیتلاعات)ی ئێران کە خەڵکی پاکستانە بەناوی "سەید مستەفا- ح" لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەستبەسەر کرا.
میدیاکانی ئەڵمانیا لەم بارەوە ئاشکرایان کردووە کە؛ "بەپێی بەڵگەکانی بەردەست، ئەم کەسە 31 ساڵە کە بە ڕواڵەت سەرقاڵی دەرس خوێندنە لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەڵمانیا بووە، بەردەوام ڕاینهۆڵد ڕووبێی خستووەتە ژێر چاوەدێری تاکوو لە کاتێکی گونجاودا تێرۆری بکات".
دەگوترێت "ئەو کەسە جگەلە سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئاڵمان و ئیسرائیل، چاوەدێریی بەسەر مامۆستایەکی زانکۆشدا کردووە کە فەرەنسی – ئیسڕائیلییە و لە یەکێک لە کۆلێژە بەرزە ئابوورییەکان لە پاریس سەرقاڵی وانەوتنەوە بووە."
بەپێی لێدوانەکانی دۆزگەری گشتیی ئەڵمانیا "ئەم کەسە هەموو چالاکییەکانی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئەڵمانیا و ئیسرائیل، هەروەها بینای ئەم ئەنجومەنەی لەژێر چاوەدێری خستووە و هەموو وردەکارییەکانیشی لەسەر چالاکییەکانی ئەم ناوەندە و ئەم کەسایەتییە تۆمار کردووە."
سەرچاوەکانی هەواڵی ئەڵمانیا باس لەوەش دەکەن کە؛ "وێڕای مستەفا- ح کەسێکی دیکەی خەڵکی پاکستانیش دەستبەسەر کرابوو کە دواتر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کرا، بەڵام پاش ئازادکران ئەم وڵاتەی بەجێ هێشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی کاناڵی 1ی ئەڵمانیا، "یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران بۆ سیخوڕیکردن لەسەر ئەم سیاسەتمەدارە ئەڵمانییە ئەوە بووە کە؛ بزانن ئەگەر ئیسرائیل ویستی هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بتوانێ وەڵامدانەوەی خێرای هەبێ."
پێشتریش لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا دۆزگەری گشتیی ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی ئێرانی بە تاوانی سیخوڕیکردن لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرد و دادگای هەرێمیی بەرلین حوکمی 2 ساڵ و 4 مانگ زیندانی بۆ ئەم کەسە بڕییەوە."
باسنيوز
