میدیاکانی ئێران: ناکۆکیی نێوان ڕۆحانی و دەزگای دادوەریی ئیران پەرەی سەندووە
مورتزا بانک، سەرپەرشتیی نووسینگەی سەرکۆماریی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەم ناکۆکییانە کردووە و دەڵێت "سەرچاوەی ئەم ناکۆکییانە بۆ هێنانی هەندێ کەلوپەلی ئەمنی و ئاسایشە بۆ ناو نووسینگەی سەرکۆماری کە لەلایەن "سادق لاریجانی"یەوە ڕەخنە گیراوە و کە بەبێ ئاگاداریی ناوەندە ئەمنییەکان ئەم کارە کراوە.
مورتزا بانک ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێنانی ئەو کەلوپالانە بە ئاگاداری و چاودێریی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات کراوە.
دژایەتی و ناکۆکیی نێوان حەسەن ڕۆحانی و سەرۆکی دەزگای دادوەریی گەیشتووەتە ئاستێک کە "ئەحمەد خاتەمی" پێشنوێژی هەینیی تاران دوێنێ هەینی بە ئاشکرا داوای لە باڵەکانی ناو حکوومەت کرد کە کێشە و ناکۆکییەکانیان بشارنەوە با دوژمن و نەیاران کەڵکی لێ ووەرنەگرن.
پاش قسەکانی ئامولی لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی، جەواد کەریمی قودووسی ئەندام پەرلەمانی سەر بە باڵی بناژۆخواز ڕایگەیاندووە "قسەکانی لاریجانی لەبارەی بردنی کەلوپەلی پێشکەوتووی ئەمنی بۆ ناو نووسینگەی سەرکۆماری جێگەی مەترسییە و بەتەمان کەشوهوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرکۆماری بکەنە دوو جەمسەری و دیسان هاوشێوەی ساڵی 2009 ڕووداوی ئەمنی و خۆپیشاندان ساز بکەن."
ئەم ئەندام پەرلەمانە بۆ هەواڵدەریی بەسیج گوتوویە "دوو برای حەسەن ڕۆحانی کە لەناو نووسینگەی سەرکۆمار کار دەکەن و لە پشت ئەم کارەوەن، دەبێ بانگهێشت بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
باسنيوز
