ئێران.. قوتابییەک پاش دەرکرانی لە قوتابخانە خۆی کوشتووە
بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئەهواز، منداڵێکی عەرەبی خەڵکی "شووش" لە پارێزگای خووزستان، پاش دەرکرانی لە قوتابخانە خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەست داوە.
ئۆرگانی ماڵپەڕی هێرانا (کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران) لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە "ئەو خوێندکارە ناوی عەباس بەدەوی و تەمەنی 12 ساڵە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاتێک بۆ ماوەیەک لە چوون بۆ قوتابخانە دوا دەکەوێت و بەسەر دیواری قوتابخانەدا دەچێتە ژوورەوە و لەلایەن مامۆستاکەیەوە لێی دەدرێت و لە قوتابخانە دەردەکرێت."
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەم ڕووداوە لە گونجی "خویس"ی سەر بە شاری (شووش)ی پارێزگای خووزستان ڕووی داوە و پاشان ئەو کوڕە ڕۆیشتووەتە ماڵەوە و مەسەلەکەی لەگەڵ دایکی باس کردووە، بەڵام دایکی نەیوێراوە و ئەم مەسەلەیە لەلای باوکی منداڵەکە باس بکات، کە دواتر عەباس خۆی هەڵواسیوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە عەباس لەلایەن مامۆستای وەزشەوە ئازار و ئەشکەنجە کراوە و دەگوترێت ئەو مامۆستایە کە هەتا ئێستا ناسنامەی دیار نییە، دەستگیر کراوە.
بە گوتەی چالاکوانانی عەرەبی ئەهواز، کە خوێندن بە زمانی دایکی بە یەکێک لە ویستە مەدەنییەکانی خۆیان دەزانن، ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری وازهێنان لە خوێندن و دواکەوتن لەناو قوتابیانی عەرەبی ئەهوازی، نەخوێندنە بە زمانی دایکی کە مافی سەرەکیی خۆیانە.
کۆمەڵێکی بەرچاو لە قوتابیانی عەرەبی ئەهواز، هەتا قۆناغی ناوەندی گەورەترین کێشەی تێگەیشتنیان لە قوتابخانە هەیە.
bas news -
