ئێران.. داوا دەکرێت سوپای پاسداران سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوە دابنێت
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (میهر)، کۆمەڵێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران، بە کۆکردنەوەی واژۆ داواین کردووە فیلمی ڤیدیۆیی و دەنگیی محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاو بکرێتەوە کە لە کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و دەرەوە باسی لەوە کردووە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هەڵەی کردووە.
پێشتر جەواد کەریمی قودووسی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران بە میدیاکانی گوتبوو "کە محەمەدجەواد زەریف لە کۆبوونەوەی نهێنیی ئەو کۆمیسیۆنەدا دانی بەوەدا ناوە کەلە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هەڵەی کردووە."
ئەم هەڵوێست و قسە و باسانە پاش ئەوە هاتوونەتە ئاراوە کە ئەمریکا و کۆنگرێس بۆ ماوەی دە ساڵی دیکە گەمارۆکانی سەر ئێرانیان درێژ کردووەتەوە.
بە گوتەی محمەدجەواد زەریف، کاتی خۆی لە دانوستانەکاندا جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڵێینیی پێ داوە کە ڕێکاریان زۆرە کە پێش بە بڕیارەکانی کۆنگرێس لەبارەی گەمارۆی ئێران بگرن.
باسنیوز
