وەزیری دەرەوەی ئێران: لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هەڵەیەکی گەورەمان کرد

 وەزیری دەرەوەی ئێران: لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هەڵەیەکی گەورەمان کرد
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی نهێنیی ئەو کۆمیسیۆنەدا دانی بەوەدا ناوە کە بە بۆنەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی پێنج زێدە یەکە تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) جەواد کەریمی قودووسی ئەوەی درکاندووە کە محەمەدجەواد زەریف، لە کۆبوونەوەی نهێنیی کۆمیسیۆنی ئاسایشی پەرلاماندا دانی بە هەڵەکانی خۆیدا ناوە و گوتوویە "دان بەوەدا دەنێم کە هەڵەم کردووە و ئەمە هەڵەیەکی گەورە بووە کە لە ژیانمدا کردووەمە"."

ئەم دان پێدانانەی وەزیری دەروەی ئێران بە هەڵەبوونی ڕێککەوتنی ناوکی لە کاتێکدا دایە کە ئەمریکا بۆ ماوەی دە ساڵی دیکە گەمارۆکانی سەر ئێرانی نوێ کردەوە و هاوکات لەناو پەرلەمانی ئیرانیش لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکێی ئێران (بەرجام) کێشە و ناکۆییەکی زۆر هەیە و هاوکات فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێ وەزیری دەرەوە بە ئاشکرا لە پێش چاوی میدیاکان دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت.

بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی کۆمیسیۆنی ئەمنیی پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئیران بەڕێوە بچێت و دیسان ڤیدیۆی ئەو قسانەی زەریف لێ بدرێتەوە و ئێستا ئەم پرسە بووەتە کێشە لە نێوان دوو باڵی حکوومەتیدا و چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران پێداگرن و سەعید قاسمی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران گوتوویە دەبێ بە ئاشکرا دان بەم هەڵەیەی خۆیدا بنێت.














Top