پڕۆژەیەكی هاوبەشی ئێران و ئیسرائیل ئاشكرا دەبێت

پڕۆژەیەكی هاوبەشی ئێران و ئیسرائیل ئاشكرا دەبێت
پڕۆژەكە بە چاودێری سویسرا و سەرپەرشتی بەڕێوەبەری سویسری "كریس لیفین" بەرێوەدەچێت و نزیكەی پێنج ملیۆن یۆرۆی تێچووە

هەرچەندە ئێران بەردەوام دژایەتی خۆیی لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە بەرانبەر قەوارەی ئیسرائیل دووپاتدەكاتەوە، بەڵام لەدوا پێشهاتدا پڕۆژەیەكی زانستی نێوان ئەم دوو وڵاتە ئاشكرا دەبێت.

"سیزام" ئەو پڕۆژە زانستییەیە كە لە وڵاتی ئەردەن بەڕێوەدەبرێت و چەندین وڵات تێیدا بەشدارن، لە نێویشیاندا هەریەك لە وڵاتی ئێران و ئیسرائیل تێیدا هاوبەشن.

كەناڵێكی تەلەڤزیۆی سویسری وردەكاری پڕۆژەیەكی زۆر زەبەلاح ئاشكرا دەكات كە لە مانگی ئایاری داهاتوودا لە عەمانی پایتەختی ئەردەن ، بە هاوبەشی زانایانی فیزیایی ئێرانی و ئیسرائیلیی و ئەردەنی و میسری و پاكستانی، جێبەجێدەكرێت.

كەناڵەكە ڕوونیكردۆتەوە پڕۆژەكە هاوشێوەی پڕۆژەی بەناوبانگی "سیرن"ی ئەورووپییە، كە تێیدا ئەزموونێكی نوێی زانستی و سیاسی لە نێوان ئەو دەوڵەتانەدا دێنێتەكایەوە و بە پڕۆژەی "خێراكەری بەشەكی ئەلیكترۆنی" ناوی دەهێنرێت و لایەنێكی بریتییە لە پڕۆژەی ئەتۆمی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر بوارەكانی بایلۆژی و كیمیا و زانستەكانی ژینگەی ئەو وڵاتانە دەبێت.

شایانی باسكردنە پڕۆژەكە بە چاودێری سویسرا و سەرپەرشتی بەڕێوەبەری سویسری "كریس لیفین" بەرێوەدەچێت و نزیكەی پێنج ملیۆن یۆرۆی تێچووە.

Top