ئەمریکا دانووستانە سێقۆڵییەکەی ئێران و رووسیا و تورکیا لەبارەی سووریاوە بە ئەرێنی دەزانێت
ئەمریکا، دوورخستنەوەی لە دانووستانە سێ قۆڵییەکەی رووسیا، تورکیا و ئێرانی لەبارەی سووریاوە، بە خاڵێکی گرنگ نازانێت و رایگەیاند: بەشدارینەکردنی لەو دانووستانانە، بەمانای لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا نایەت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی بانگھێشتنەکردنی ئەمریکا بۆ دانووستانەکانی دەربارەی چارەنووسی سووریا لە مۆسکۆ، رایگەیاند: ئەوە بەمانای لاوازیی کاریگەریی واشنتن لە ناوچەکە نایەت و ئەمەش بەشێکە لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانی سووریا و ئەمریکا پێشوازی لەھەر چارەسەرێک دەکەن بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕە پێنج ساڵییەکەی سووریا.
ھەروەھا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکراشی دەکات کە ئەوان ئەو راپۆرتانە رەتدەکەنەوە کە باس لە دوورخستنەوە یانیش پشتگوێخستنی ئەمریکا دەکەن لەدانووستانە سێ قۆڵییەکانی رۆژی سێ شەممە لە مۆسکۆ دەستی پێکرد.
payamner-
