سعوودیە: داواکارین جیهان لە بەرانبەر کردەوەکانی تاراندا بێدەنگ نەبێت

 سعوودیە: داواکارین جیهان لە بەرانبەر کردەوەکانی تاراندا بێدەنگ نەبێت
وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ جۆن کێری‌، هاوتا ئەمریکییەکەی داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد لە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەدا هەڵوێست بگرن.



بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە، عادڵ ئەلجوبەیر، لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، وێڕای پێداگری لەسەر ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕی یەمەن، بە مەرجێک کە ئاسایشی وڵاتەکەی پارێزراو بێت، جارێکی دیکە ئاماژەی بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەدا کرد و گوتی: "ئێمە داوا لە هەموو جیهان دەکەین کەلە بەرانبەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیدا بێ‌هەڵوێست نەبن."



پێشتریش چەندین جار ئەلجوبەیر ڕێژیمی ئێرانی بە دەستێوەردانی بەربڵاو لە وڵاتانی ناوچە بەتایبەت عێراق، یەمەن و سووریا تۆمەتبار کردووە.



ئەلجوبەیر ماوەیەک پێش ئێستاش لە بڵاوکراوەی "نیوزویک"دا ئاماژەی بەوە کردبوو کە؛ تێرۆریزم یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر ئێمەیە و عەرەبستان هەردەم ئامادەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیە، جا ئەو تێرۆریزمە چ ئەلقاعیدە بێت، یان داعش یان ڕێژیمی ئێران جیاوازییان نییە و دەبێ شکستی پێ بهێنین، چونکە تەنیا لەم ڕێگەوە دەتوانین بەرژەوەندییەکانمان بپارێزین.



لە کۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی تێرۆریزم ئاشکرای کرد: "ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی سوپای قودسەوە بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی تێرۆریزمی نێونەتەوەیی".






باسنيوز
Top