پەرلەمانتارێکی سووریا: حکوومەتی سووریا پشتگیریی تەواوی یەپەگە دەکات
عومەر ئۆسێ، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی رژێمی سووریا بە میدیاکانی سەر بە رژێمەکەی راگەیاندووە، کە هێزێکی کوردی-سووری بە ناوی ”هێزی بەرگریی نیشتیمانیی سووری-کوردی“ لە کوردستانی رۆژئاوا دروست کراوە.
عومەر ئۆسێ ئاماژەی بەوە کردووە، کە دروشمی هێزەکە ئاڵای فەرمیی رژێمی سووریایە و چەندین چەکداریان لە شارەکانی عەفرین، کۆبانی، قامیشلۆ و حەلەب هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها رایگەیاندووە، کە هەرچەندە ناوە ناوە ناکۆکییەک لە نێوان یەپەگەی باڵی سەربازیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و سوپای رژێمی سووریا دروست دەبێت، بەڵام رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ”پشتگیریی تەواو“ی یەپەگە دەکات.
هەروەک عومەر ئۆسێ رایگەیاندووە، هەماهەنگیی بەردەوام لەنێوان یەپەگە و رژێمی سووریادا هەیە و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیشیان هەیە بە سەرپەرشتیی رژێمی سووریا.
پێشتر رێزان حەدۆ، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی هێزی بەرگریی نیشتیمانیی سووری-کوردی و گوتەبێژی کانتۆنی عەفرین، کە پەیەدە دروستی کردووە، رایگەیاندبوو، کە هێزەکانیان شان بەشانی سوپای سووریا و لەژێر ئائڵای رژێمی سووریا شەڕ دەکەن.
باسنيوز
