روسیا ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌مریكا گه‌یشتبێته‌ رێكه‌وتن

روسیا ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌مریكا گه‌یشتبێته‌ رێكه‌وتن

ئاژانسی میدیای رووسیا لەزاری سێرجی ریابكۆڤ- جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویكردەوە، مۆسكۆ لەگەڵ واشنتۆن-دا نەگەیشتوونەتە هیچ رێكەوتنێك لەبارەی كردنەوەی رێرەوێكی پارێزراو بۆ چۆڵكردنی خۆرهەڵاتی حەلەب لەلایەن چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بلاویكردبۆوە ئەمریكا و رووسیا لەكۆبونەوەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە لەشاری ژنێف ئەنجامدراوە، پێشنیارێكی هاوبەشیان كردووە بۆ كردنەوەی چەند رێڕەوێكی سەلامەت لە خۆرهەلاتی حەلەب بۆ چۆڵكردنی لەلایەن هاولاتیان مەدەنی و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن.

ریابكۆڤ ووتی: ئەوەی میدیاكانی خۆرئاوا بڵاویانكردۆتەوە لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت. وتیشی: رووسیا كاردەكات بۆ چوونە دەرەوەی هاوڵاتیان لەخۆرهەڵاتی حەلەب بەشێوەیەكی پارێزراو.

" كشانەوەی توندڕەوان لەخۆرهەڵاتی حەلەب بابەتێكی پەیوەستە بە رێكەوتنێكەوە كە هێشتا ئەنجامنەدراوە ئەوەش بەهۆی سووربوونی ئەمریكا لەسەر چەند مەرجێك كە جێی پەسەندكردن نین" ئاژانسی ریا-ی رووسی لەزاری سێرجی ریابكۆڤ-ی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو ولاتە وای بڵاوكردۆتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەكەی پێشتری ئاژانسی رۆیتەرز لەپێشنیارەكەی ئەمریكا و روسیادا مەرجی ئەوە دانراوە كە چەكدارانی بەرەی فەتحی شام " بەرەی نوسرە" لەرابردوودا تەنها بۆیان هەیە روو لەشاری ئیدلب بكەن و لەبەرامبەردا چەكدارانی تری ئۆپۆزسیۆن دەتوانن كوێیان بوێت بۆی بڕۆن.

ئەو پێشنیازە لەكاتێكدا دێت كە رۆژی یەكشەممە سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی لە پێشڕەویەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی گەڕەكەكانی خۆرهەڵاتی حەلەب بەردەوام بوون. بەرپرسێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش رایگەیاند چەكداران رووبەرووی " مردن یان خۆبەدەستەوەدان" بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی رووبەری ئەو ناوچانەی بەدەستیانەوەیە بەبەردەوامی كەمبدەبێتەوە.

كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی شاری حەلەب بەگەورەترین سەركەوتن بۆ رژێمی سوریا ئەژمار دەكرێت دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 6 ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی شەڕوپێكادان لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
payamner-
Top