ئێران: ئێمە دوژمنی سعوودیا نین
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 2016 -12- 11 لە (کۆنفرانسی ئەمنیی تاران) کە بە "تەوەری نەزمی ئەمنیی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا" ڕێک خراوە، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گوتی "ئێران نەتەنیا بەتەمای دامەزرانی ئیمپراتۆری نییە، بەڵکوو دژی ئەم بیرۆکەشە لە ناوچەکە" و ڕاشیگەیاند "سەردەمی هەژموونی و زاڵبوونی تاکتیکی نییە."
لاریجانی ئاماژەی بەوەش کرد "وڵاتانی ناوچە توانایی گۆڕانکارییەکانی ناوچەیان هەیە و بەتایبەتی کێشە و ململانێیەکانی سووریا، یەمەن و بەحرەین دەبێ بە "ڕێگەچارەی سیاسی" چارەسەر بکرێن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی "ئێمە لەگەڵ ڕۆژئاوای مەسیحی بە هیچ شێوەیەک بەدوای شەڕی خاچپەرستییەوە نین، و دەمانەوێ پەیوەندییەکی ئاشتییانە و دۆستانەمان هەبێت، تەنیا دوژمنی ئیسرائیلین و دژایەتییان دەکەین."
جیا لە لاریجانی، عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعات و چەند بەرپرسێکی سیاسی و ئەمنیی دیکەی ئێران، قسەیان کرد.
ئەم گوتانەی عەلی لاریجانی لە کاتێک دان کە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمریکا، ئیسرائیل و بەتایبەتی سعوودیە لەو باوەڕەدان "ئێران سەرچاوەی سەرەکیی پشێوی و ئاژاوە و ناسەقامگیریی ناوچەکەیە و پاڵپشتیی حکوومەتی سووریا و حووسییەکانی یەمەن و میلیشیا شیعەکانی حەشدی شعبی و حیزبوڵا و حەماس دەکات."
باسنیوز
