سویسرا : سڕکردنی پارەکانی موبارەک و بن عەلی درێژدەکرێتەوە
حکومەتی سویسرا بڕیاری دا ماوەی ئەو سڕکردنەی لەسەر پارەکانی حوسنی موبارەک و زین ئەلعابدین لە بانکەکانی وڵاتەکەی ھەیە درێژبکرێتەوە.
حکومەتی سویسرا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، بڕیاریان داوە پارەکانی ھەریەک لە حوسنی موبارەک سەرۆکی پـێشوی میسر و زین ئەلعابدین بن عەلی سەرۆکی پـێشووی تونس ھەروەھا خزمەکانیان بۆ ٣ ساڵی دیکە بەردەوامبێت، ئەمەش تاوەکو بواری زیاتر لە بەردەم ئەو لێکۆڵینەوانەدا ھەبن کە لە ئێسـتا لەسەریان دەکرێن.
سەرەتای ساڵی ٢٠١١ حکومەتی سویسرا بڕیاری دا پارەکانی موبارەک و بن عەلی و خزمەکانیان بۆ ماوەی ٣ ساڵ سڕبکرێن، مۆڵەتی ئەم بڕیارە لە مانگی یەکی ساڵی داھاتوو کۆتایی پێدێت
حکومەتی سویسرا ئاشکراشیکردووە، پارەکەی بن عەلی نزیکەی ٥٩.٤ ملیۆن دۆلارە و ئەوەی موبارەک نزیکەی ٥٦٤.٥ ملیۆن دۆلارە.
یاساکانی سویسرا ڕێگە نادەن بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ پارەی ھیچ کەسێـک لە بانکەکانی سڕبکرێت، بەڵام لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو پارەی چەندان سەرۆک و "ڕێبەری گەندەڵی جیھانی" بۆ وڵاتەکانیان گەڕاندووەتەوە، ئەمەش لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمەکانیان.
بەپـێی حکومەتی سویسرا ئەو پارانەی گەڕانویانەتەوە بە ٨ ملیار فرەنکی سویسری مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی ٨ ملیار دۆلار دەکات.
payamner-
