حەسەن ڕۆحانی: بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە قەبووڵ ناکەین

حەسەن ڕۆحانی: بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە قەبووڵ ناکەین
حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەرلەمانی ئێران لە پڕۆژی بوودجەی ساڵی 1396ی هەتاویی پێشکەش کرد، لە پەرچەکدارێکدا لە بەرانبەر ئەمریکا گوتی "بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە قەبووڵ ناکەین."



ڕۆحانی ئاماژەی بەوەش کرد "ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) ڕێککەوتنێکە کە بە قازانجی ئیرانە، هاوکات چەندین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، دەربڕی ئەوەیە کە ئێران پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بووە و ئێمە لەو باوەرە داین کە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پەسەند کراوە کە بۆ هەموو لایەک دەسکەوتی دەبێت."



حەسەن ڕۆحانی بە توندی لە بەرانبەر پڕۆژە بڕیار و یاسای کۆنگرەی ئەمریکا کە بۆ ماوەی دە ساڵی دیکە گەرمارۆکانی سەر ئیرانی پەسەند کرد، کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند "ئەمن ڕایدەگەیەنم وەک سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، پێشێلکاریی بەرجاممان پێ قەبووڵ ناکرێت و خاترجەم بن وەڵامی پێویستمان بۆی دەبێت. چونکە ئەم بڕیارەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە و پێشێلی کردووە، بۆیە پێویستە سەرکۆماری ئەمریکا دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار بێنێ و پێش بە بڕیاری کۆتایی بگرێت."



گوتیشی "تەنانەت واژۆکردنی ئەو بڕیارەی کۆنگرێس لەلایەن سەرکۆماری ئەمریکاوە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی ئەمریکا دەزانین و ئەم هەڵوێستە وەڵامی توندی ئێمەی بەدوادا دێت و لە چوارچێوەی پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی بالای ئاسایشی نەتەوەیی و پەرلەمان و لە دانیشتنی ئەم هەفتەیەی کابینەی حکوومەتدا و لیژنەی چاودێری بەسەر ڕێککەوتنکەدا، بڕیاری پێویست دەدەین و دواتر بە فەرمی ڕایدەگەیەنین."





باسنیوز
Top