دیمستۆرا: لەوانەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕۆژهەڵاتـى حەلەب بکەوێتە دەستى ڕژێمى سوریا

دیمستۆرا: لەوانەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕۆژهەڵاتـى حەلەب بکەوێتە دەستى ڕژێمى سوریا
نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستابێت، لەوانەیە تا کۆتایی ساڵ ڕۆژهەڵاتى حەلەب بە تەواوى بکەوێتە دەست سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانى.

ئەم وتانەى دیمستۆرا لە کاتێکدایە، سێرگى لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى ڕوسیا ئاشکرایکرد، کە لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە کشانەوەى سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕۆژهەڵاتـى حەلەب بە بێ جیاکردنەوەى هیچ گروپێک لە گروپەکان.

هاوکات هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن ئەم گفتوگۆییەى نێوان ڕوسیا و ئەمەریکایان بە دەرچوون لەو گفتوگۆ سەرەتاییە لەقەڵەم داوە کە لە ڕێگەى تورکیا و لە شارى ئەنقەرە لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و ڕوسیادا کراوە بۆ چارەسەر کردنى کێشەى ڕۆژهەڵاتى حەلەب.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا ٦٠% ڕۆژهەڵاتى حەلەب کەوتووەتە دەست هێزەکانى ڕژێمى سوریا و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتى لەو ناوچانە لە گوزەرانێکى خراپدان و ژیانیان لە مەترسیدایە ، چاودێرانى دۆخەکەش ڕایانگەیاندووە، پێدەچێت ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایدا بەوە ڕازیبن شارەکە بە جێبهێڵن.

هاوکات فیدریکا مۆگەرینى بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەى یەکێـتى ئەوروپا ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕۆژهەڵاتى حەلەبیش بکەوێـتە دەست ڕژێمى سوریا، شەڕ هەر کۆتایی نایەت لە وڵاتەکەدا و بەردەوام دەبێـت.
Top