یەکێتیی ئەوروپا پارە بە بەشار ئەسەد دەدات
رۆژی شەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2016، رۆژنامەی (زی تایمز)ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، یەکێتیی ئەوروپا پرۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و شەڕی ناوخۆیی سووریا ئامادە کردووە.
بەپێی پرۆژەکە، فیدیریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ژمارەیەک پێشنیازی داوەتە بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.
رۆژنامە بەریتانییەکە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، پێشنیازەکانی یەکێتیی ئەوروپا جەخت لە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی سووریا دەکەنەوە لە قۆناغی گواستنەوەدا.
لە ئەگەری رازی بوونی ئۆپۆزیسیۆن و رژێم لەسەر ئەو پێشنیازانە، یەکێتیی ئەوروپا ”بڕێکی زۆر“ پارە دەداتە بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمو ئۆپۆزیسیۆن، بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی سووریا.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە نێوان گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارییەکان و رژێمی سووریا دروست بووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی سووریا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە.
باسنيوز
