ترەمپ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی شکاندو چین توڕە دەکات
دوێنێ ترەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی تایوان تسای ئینگوین ئەنجامدا، بەوەش سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی شکاند چونکە هێشتا ئەو وڵاتە سەربەخۆیی تەواوەتی نییە.
وڵاتی چین، تایوان وەک بەشێک لەخاکی خۆی تەماشا دەکات هەرچەندە ئێستا ئەو دوورگەیە لەئەزموونی خۆبەڕێوەبەریدایە، ئەمەریکاش لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لەسەر بنەمای "یەک چین" هەموو پەیوەندیە دیبلۆماسییەکانی بە تایوانەوە پچڕاندوەو تەنها لەگەڵ پەکیندا مامەڵە دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی ترەمپ، لەپەیوەندیە تەلەفۆنییەکەیاندا سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاو سەرۆکی تایوان پیرۆزباییان لەیەکتر کردووە، بەو پێیەی سەرۆکی تایوانیش لەسەرەتای ئەمساڵدا ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
وەزیری درەوەی چین، وانگ یی لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردوە کە پێی وانییە ئەو هەنگاوەی ترەمپ سیاسەتی "یەک چین"ی ئەمەریکا بگۆڕێت کە ساڵانێکە حکومەتی ئەو وڵاتە پەیڕەوی دەکات.
هەروەها وتیشی "بنەمای 'یەک چین' بەردی بناغەی پەرەپێدانی پەیوەندی تەندروستی ئەمەریکاو چینە، ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک بێت ئەم بنەما سیاسییە بگۆڕێت یاخود لای ببات."
میدیاکانی چین هیچ گرنگییەکیان نەداوە بەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەو لەبری ئەوە تیشکیان خستووەتە سەر سەردانی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا، هێنری کیسنجەری تەمەن 93 ساڵ کە بەدۆستی چین ناسراوە.
تایوان کە تا ئێستا ئەندام نییە لەنەتەوە یەکگرتووەکان، لەساڵی 1949 و دوای شەڕی ناوخۆیی، لە چین جیابوویەوەو حوکمی خۆبەڕێوەبەری راگەیاند، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمیی سەربەخۆیی رانەگەیاندو تا ئێستاش چین وەک بەشێک لەخۆی تەماشای دەکاتو دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە سەر پەکین.
خەندان
